Sunday, February 20, 2011

ئۆفیسەکانی کەناڵی نالیا سوتێنران، رۆژنامەنووسان لەژێر هەڕەشەدان

 سلێمانی، 20ی شوبات، 2011: سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان بەتوندی سوتاندنی ئۆفیسەکانی تەلەفزیۆنی نالیا سەرکۆنەدەکات  وداوای دەستبەجێ کۆتاییهێنان بە هێرشکردنەسەر رۆژنامەنووسان دەکات. 

Photo: Rebaz Mahmood
 کاژمێر 2:30 شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، نزیکەی 50 چەکدار هەڵیانکوتایە سەر کەناڵی ئاسمانی نالیا، کە لەلایەن کۆمپانیای نالیاوە بەرێوەدەبرێت. چەکدارەکان تەقەیان کردووە لە ئامێرەکانی پەخش و پاشان ئاگریان لە تەواوی بینا سێ قاتییەکە بەرداوە. یەکێک لە پاسەوانەکانی تەلەفزیۆنەکان برینداربووە.  رۆژێک پێش رووداوەکە، توانا عوسمان، بەرێوەبەری کەناڵەکە بە سەنتەری میترۆی راگەیاند کە فشاریان لەسەربووە بۆ وەستاندنی پەخشی کەناڵەکە.

لەمبارەیەوە سەنتەری میترۆ رایگەیاند، "ئەمڕۆ رۆژێکی ڕەشە لە مێژووی رۆژنامەگەری کوردیدا. ئەم تاوانە دژی هاوکارانمان لە تەلەفزیۆنی نالیا سەرکۆنەدەکەین. دیارە ئەم کارە دڕندانەیە بە بەرنامەبووە چونکە پێشتر کەناڵەکە رووبەڕووی هەڕەشەو فشاربووەتەوە بۆ وەستاندنی پەخش و چەکدارەکانیش پاش ئەوەی بە گوللە ئامێرەکانی پەخشیان شکاندووە ئاگریان لە تەواوی بیناکە بەرداوە. پێویستە لیژنەیەکی سەربەخۆ پێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوەو شەفانە کاربکات و تۆمەتباران رووبەڕووی دادگابکرێنەوە."

لە رۆژی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی سلێمانییەوە لە 17ی شوبات، هەتا ئەمڕۆ سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان دەیان حاڵەتی بریندارکردن  و دەستگیرکردن و لێدان و رێگریکردن و شکاندنی کامێراو دەسبەسەرداگرتنی کەلوپەلی رۆژنامەوانیدا تۆمارکردووە.

رۆژی 17ی شوبات، کارمەندانی رۆژنامەی هاوڵاتی بینای رۆژنامەکەیان چۆڵکرد پاش  ئەوەی ستافەکە چەندین هەڕەشەیان لێکرا. شوان موحەمەد، سەرنوسەری رۆژنامەی ئاوێنە، وتی کە کۆمەڵێک چەکدار چەندین جنێویان ئاراستەکردووە.

رۆژی 17ی شوبات لەکاتی خۆپیشاندانەکەی بەردەم لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستاندا، هێمن عەبدولەتیف، پەیامنێری ماڵپەری هەواڵی دەستورو ئاری محمد نوری پەیامنێری ئاژانسی وێنەی میترۆگرافی برینداربوون کاتێ کە پاسەوانانی بارەگاکە تەقەیان لە خۆپشاندەرانکرد.

لەهەمان خۆپیشانداندا، کۆمەڵی چەکداری دەمامک کەوتنە لێدانی رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆو پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی سۆمەرییەنیوز.

هەمان شەو، کاتژمێر 10، نامۆ نامیق، دەرهێنەر لە کەناڵی KNN   و هاوکارێکی دەستگیرکراون. دواتر هاوکارەکەی کە ناوی هەژارە ئازادکراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی سەنتەری میترۆ تائێستا نامۆ ئازادنەکراوە.

لە هەمان رۆژدا، بەپێی ووتەی کارمەندانی کەناڵەکە، و لە شاری هەولێر، هێزێک پەلاماری پەخشی KNN  و رادیۆی گۆڕانیان لە هەولێرداو پەخشی ئەو دوو کەناڵەیان راگرت. هەروەها کارمەندان وتیان کە ئەو هێزانە نەیانیشهێشتوە پەیامنێری KNN وێنەی بارەگا سوتاوەکەیان بگرن.

لە هەمان رۆژدا چەندین رۆژنامەنووسی تر پێشێلکارییان بەرامبەر ئەنجامدرا، ئەمە ناوی ئەو رۆژنامەنووسانەیە کە پەیوەندیان بە سەنتەری میترۆوە کردووە بۆ تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان:

•    بڕیار نامقء تیشکۆ سدیق، پەیامنێرو وێنەگری  کەناڵی ئاسمانی KNN  لەلایەن کۆمەڵێ چەکداری لقی چوار کامێرکەیان لێدەسەندراو دواتر درایەوە.
•    هونەر جەمال، پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی KNN  لەبەردەم لقی چواری پارتی هێرشیکرایەسەر.
•    بیلال محمد، پەیامنێری رادیۆی نەوا، وتی لە لایەن چوار چەکدارەوە بە زۆر کامێراکەی لێسەندراوەو پاشان بۆی گەڕێنراوەتەوە.
•    سامان مەجید، وێنەگری کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان، وتی کە لە لایەن چەکدارەکانی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ ماوەیکی کاتی دەستگیرکراوەو و لێیدراوە.
•    بوار جەلال،پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان، وتی کە چەند چەکدارێک رێگرییان لێکردووە رووماڵی خۆپیشاندانەکان بکات.
•    هەرێز جەمال، پەیامنێری رۆژنامەی ئاسۆ، وتی کە کۆمەڵێک چەکدرا هەوڵیانداوە دەستبەسەر کامێراکەیدا بگرن.
•    رۆژنامەنووسان مەحمود کەمالء هاوڕێ قادر وتیان کە لەلایەن هێزەکانی ناوخۆوە هێرشیانکراوەتەسەر.
•    بیِستون موحەمەد، پەیامنێری رادیۆی گۆڕان، وتی کە لەلایەن چەند چەکدارێکی پارتی دیموکراتەوە هێرشکراوەتەسەری و ئازاردراوە.
•    شێرکۆ ساڵەیی، پەیامنێری CNN  عەرەبی، وتی کە لە لایەن چەند کەسێکەوە هێرشکراوەتەسەری و کامێراو لاپتۆپەکەی بردراون.
•    سامان کەریم، پەیامنێری کەناڵی سپێدە، وتی کە لەلایەن چەند چەکدارێکەوە رێگری لێکراوە لە  رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان.
•    کەمال نوری، پەیامنێری کەناڵی سەحەرء رادیۆی کوردی تاران، وتی کە هێزەکانی ئاسایش رێگرییان لێکردووە لە رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان.
•    خالید حسین، پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی کوردستان، وتی کە کۆمەلێک خۆپیشاندەر هێرشیانکردوتەسەری.
•    عەدنان ئەحمەد، پەیامنێری کەناڵی عێراقییە، وتی کە کۆمەلێک چەکدار رێگرییان لێکردوە وێنە دەوروبەری لقی چواری پارتی دیموکرات بگرێت.
•    رێباز یونس، نەبەز موحەمەد شوکور، سۆران حەمەکەریم، دانا عەبدولخالق، وێنەگران و پەیامنێرانی کەناڵی ئاسمانی زاگرۆس وتیان کە هەندێکیان بە بەردی خۆپیشاندەران برینداربوون و چەند کامێرایەکیشیان زیانیان پێگەیشتووە.
•    مەریوان عەلی، یادگار نەوزاد، خالید ئەشکەنەیی، تیمی کەناڵی ئاسمانی کوردستان و یاریدەدەری میدیایی سەرکۆ کەمال، وتیان بە بەردی خۆپیشاندەران ئازاریان پێگەیشتووە.

ئەو پێشێلکارییانەی کە رۆژی 18ی شوبات دژ بە رۆژنامەنووسان ئەنجامدراون:

•    لوتفی دۆسکی، پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی KNN  لە دهۆک، وتی کە لەکاتی گەمارۆدانی بارەگای بزوتنەوەی گۆڕان لە دهۆک هێزێکی چەکدار رێگەیان نەداوە  وێنەی بارەگا گەمارۆدراوەکە بگرێت.
•    هاوکار محمد، محمد مستەفا، مەریوان حەسەن، تیمێکی کەناڵی نالیا، وتیان کە هێزێکی چالاکییە مەدەنییەکان رێگەیاننەداوە رووماڵی خۆپیشاندانەکان بکەن.
•    ئاراس عوسمان کاروان سالار، پەیامنێرو سەنوسەری رۆژنامەی چەتر، وتیان کۆمەلێک چەکدار لەبەردەم لقی چواری پارتی دیموکراتدا رایانگرتوون و ناچاریانکردوون هەموو وێنەکانی ناو کامێراکانیان بسڕنەوە.
•    ئاڵا لەتیف و ئارا ئیبراهیم، پەیامنێرانی رۆژنامەی هاوڵاتی، وتیان  رێگەیان پێنەدراوە لەبەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی رووماڵی رووداوەکان بکەن.

ئەو پێشێلکارییانەی کە رۆژی 19ی شوبات دژ بە رۆژنامەنووسان ئەنجامدراون:

•    ئارا ئیبراهیم، پەیامنێرانی رۆژنامەی هاوڵاتی، وتی لە گەرەکی کانێسکان هێزەکانی پاراستنی چالاکی مەدەنی هێرشیانکردە سەر ئارا ئیبراهیم و بە دار لە دەست و قاچیان داوەو رێگەیان لێگرتوە وێنەبگرێت.
•    کاوە ئەحمەد و رێگا ئەحمەد،پەیامنێرانی کەناڵی ئاسمانی نالیا، وتیان کە لە شەقامی مامۆستایان لە گەرەکی کانیسکانی شاری سلێمانی هێزەکانی پاراستنی چالاکی مەدەنی هێرشیانکردوەتەسەریان.
•    ئاراس موحەمەد، ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ئاراستەء پەیامنێری ردایۆی دەنگ لە کەلار، وتی هێزەکانی ئاسیاش داویانەتەبەر دەستڕێژی گوللەو کامێراو باجەکەیان بردووە دواتر بۆی گەڕێندراوەتەوە.
•    هەردی سەلامی، پەیامنێری کەناڵی گەلی کوردستان، لەگەڕەگی کانێسکان قاچی برینداربووە لە ئەنجامی بەرکەوتنی بەردەوە.
•    ووریا ئەحمەد، پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی پەیام، وتی کە لە شەقامی مامۆستایان لە گەرەکی کانیسکانی شاری سلێمانی هێزەکانی پاراستنی چالاکی مەدەنی هێرشیانکردوەتەسەری و بە دار لەدەست و قاچیان داوە.


سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان، رێکخراوێکی سەربەخۆیە بۆ بەرگری لە رۆژنامەنوسان و مافەکانیان. ئەم رێکخراوە،لە هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتی روانگەی ئازادییە رۆژنامەنووسییەکان (JFO) دەکات کە نوسینگەی سەرەکی لە بەغدایە.

بۆ زانیاری زیاتر، پەیوەندی بکەن بە:
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ: 07701523300
مەریوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەر: 07701940930
ئیمەیل:  rahmangarib@yahoo.com

No comments:

Post a Comment